هەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان ڕادەگەیەنێت، لە کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوودا سەندیکای ئەندازیاران دووەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و کۆنفرانسە ناوخۆییەکانیش لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست پێدەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەندازیار بەشدارن.
عهبدولڕهحمان عهلی كورده، نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بڕیارە سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا دووەم کۆنگرەی خۆی بەڕێوە ببات، کە تێیدا نوێنەری ئەندازیاران بۆ لقەکان و ئەنجوومەنی باڵا هەڵدەبژێردرێن. لە ڕۆژانی داهاتووشدا کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی کۆنگرە دەست پێدەکەن، ئەگەر گۆڕانکاری ڕوونەدات، کۆنگرە لە کۆتایی مانگی نیساندا ئەنجام دەدرێت.
نەقیبی سەندیکای ئەندازیاران ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەندیکاکە زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەندامی لە بەش و پسپۆڕییە جیاوازەکاندا هەیە و هەموو بوارەکانی ئەندازیاری نوێنەریان لە کۆنگرەکەدا دەبێت و بەشدار دەبن.
عەبدولڕەحمان عەلی کوردە باسی لە گرنگیی بەستنی ئەم کۆنگرەیە کرد و گوتی، ''بەڕێوەچوونی کۆنگرە دەبێتە هۆی هاتنەپێشەوەی ئەندازیارانی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سەندیکا و نوێبوونەوەی کارەکانمان، چونکە چەندین ساڵە کۆنگرە نەکراوە. ئەنجامدانی کۆنگرە لە هەر ڕێکخراوێکی پیشەییدا دەبێتە هۆی نوێبوونەوە و گەشەسەندنی، سەندیکای ئەندازیارانیش ڕێکخراوێکی کاریگەرە و نوێنەرایەتی هەزاران ئەندازیار لە کوردستاندا دەکات.
قائید میرۆ