Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەورۆزی بۆن.. دەرکەوتەی هێزی نەرمی ڕەوەندی کوردستانی و بەرجەستەکردنی دیدگای سەرۆک بارزانی

شفا بارزانی

کەرنەڤاڵە جەماوەرییە مەزنەکەی شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، تەنیا ئاهەنگێکی وەرزی و بۆنەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو نمایشێکی گەورەی هێزی نەرمی نەتەوەیەک بوو لە دڵی ئەوروپادا، ئەم گردبوونەوە یەکجار گەورەیە سەلماندی کە دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات، خاوەنی سەنگ و قورساییەکی جوگرافی و سیاسیی بێوێنەیە، ئەگەر بە دروستی ئاراستە بکرێت، دەتوانێت گەورەترین کاریگەری لەسەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بڕیار دروست بکات.

لەو کەرنەڤاڵەدا، کوردستانیان بە شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پۆشینی جلی ڕەسەنی کوردییەوە، تابلۆیەکی یەکجار سەرنجڕاکێش و شارستانییان نەخشاند، بەتەواوی سەرنجی ئەڵمانیا و ئەوروپایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا، ئەم دیمەنە پڕ لە ڕەنگ و ئاشتییە، وای کردووە کە ساڵانە میدیاکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بە گرنگییەوە ڕووماڵی ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن و پیرۆزبایی ئاراستەی کوردانی دیاسپۆرا بکەن، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کلتووری دەوڵەمەندی ئێمە، باشترین پردی پەیوەندییە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕاکێشانی سۆز و پشتگیریی گەلانی جیهان.

ئەوەی بەهایەکی ستراتیژیی زیاتری بەم وێستگە مێژووییە بەخشی، ئەو نەخشەڕێگا گشتگیرە بوو کە لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بۆ ئامادەبووان و تەواوی ڕەوەندی کوردستانی لە جیهان خرایەڕوو، ئەو پرەنسیپە جەوهەرییانەی کە بوونەتە پێویستیی قۆناغەکە و ئێمە هەمیشە وەک ئامانجی باڵا دەڕوانینە پیادەکردنیان، وەک: پاراستنی ناسنامە و زمانی نەتەوەیی لەناو نەوەکانی داهاتوودا، خۆڕێکخستنەوەی ڕەوەندی کوردی لەسەر بنەمای یەکڕیزیی نەتەوەیی، نواندنی ڕۆڵی باڵیۆزێکی شارستانی کە ڕێز لە بەهاکانی وڵاتانی میوانگر بگرێت، دروستکردنی لۆبییەکی یەکگرتوو بۆ داکۆکیکردن لە ئاشتی و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، ڕێک ئەو بابەتە هەستیارانە بوون کە جەنابی سەرۆک وەک دیدگایەکی نەتەوەیی و سیاسیی قووڵ لە پەیامەکەیدا بۆ تاراوگەنشینان ورووژاندنی.

ئێمە سەرکەوتنی مەراسیمەکەی شاری بۆن و ئەو ئاراستە ستراتیژییانەی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتبوون، وەک بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێی خەباتی دیپلۆماسی و ڕێکخراوەیی خۆمان لە دەرەوەی وڵات دەبینین.

لێرەوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە تەواوی هەوڵ و تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگێڕانی دیدگا و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سەر واقیعی پراکتیکی و جێبەجێکردنیان بەبێ درێغی، ئەرکی لەپێشینەمان ئەوە دەبێت کە ئەو ڕاسپاردانە بکەینە چوارچێوەیەکی کاری دامەزراوەیی، تاوەکوو ڕەوەندی کوردستانی ببێتە دوانە و تەواوکەری هێزی ناوخۆیی کوردستان و لەم سەردەمەی جیهانگیریدا، کاریگەرترین ڕۆڵ لە پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیاندنی دەنگی ڕەوای نەتەوەکەمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگێڕێت.

لە کۆتاییدا، دەمەوێت سوپاسێکی گەرم و بێپایانی هەموو ئەو کوردە نیشتمانپەروەرانەی دیاسپۆرا بکەم کە بەو جۆش و خرۆشەوە ئامادەی ئەم ئاهەنگە نەتەوەییە بوون و بە شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پەیامی زیندوویی نەتەوەکەمانیان بە جیهان گەیاند. 

هەروەها، جێی خۆیەتی دەستخۆشی و سوپاسێکی تایبەت ئاراستەی هەموو ئەوانە بکەم کە شەونخوونییان کرد و ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەم کەرنەڤاڵە مەزنەیان لەئەستۆ گرت، ئامادەبوونی ئێوە و ماندووبوونی ڕێکخەران، سەلماندی کە شادەماری کوردایەتی لە دەرەوەی وڵات چەندە بەهێزە و هێز و ورەیەکی گەورەتر بە هەموومان دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون.

هاوکات، جێی خۆیەتی سوپاس و پێزانینی تایبەتمان ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی کوردستان بکەین، کە بە گرنگیپێدانێکی زۆرەوە ڕووماڵی ئاهەنگەکەی نەورۆزی شاری بۆنی ئەڵمانیایان کرد و پەیام و دەنگ و ڕەنگی ئەم هێزە گەورەیەی ڕەوەندی کوردستانیان بە ناوخۆی نیشتمان و تەواوی جیهان گەیاند.