پەری عومەر خەیلانی
لەو کاتەی ئاسمانی ناوچەکە بە دووکەڵی هەڕەشە و گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان تەنراوە، داگیرساندنی ئاگری نەورۆز لەسەر لوتکەی قەڵاتی مێژوویی هەولێر، تەنیا مەراسیمێکی ساڵانە نەبوو، بەڵکو نمایشێکی سیاسی و نەتەوەیی بوو کە چەندین ڕەهەندی ستراتیژی لەخۆ گرتبوو. ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەناو جەرگەی جەماوەرێکی بێشومار و دڵسۆزدا، بەهێزترین وەڵام بوو بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت زیان بەو پەیوەندییە پۆڵایینە بگەیەنن کە لەسەر بنەمای متمانە و خەبات لە نێوان خەڵک و سەرکردایەتیی پارتیدا بونیاد نراوە. ئەم یەکگرتووییە پەیامێکی ڕوونە بۆ دۆست و نەیار کە ڕێبازی کوردایەتی ئیرادەیەکی لەبننەهاتووە و هیچ گوشارێکی دەرەکی ناتوانێت ئەم گرێبەستە مێژووییە سست بکات.
لەکاتێکدا نەیاران پێیان وابوو تێکچوونی هاوکێشەکان و هەڕەشە بەردەوامەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی جۆش و خڕۆشی نەتەوەیی، بەڵام داگیرساندنی ئاگرەکە لەسەر لوتکەی قەڵات نیشانەی جۆرێک لە تەحەدیی مێژوویی بوو. ئەم ئامادەییە جەماوەرییە فراوانە سەلماندی کە هەولێر وەک قەڵایەکی قاییم، هەرگیز لەبەردەم گەردەلوولی هەڕەشەکاندا نانەوێت و ئیرادەی ژیان و ئازادی لای تاکی کورد لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ئەگەرچی هەوڵەکان لە ڕێگەی بڕینی شایستە داراییەکان و بودجەوە دەیانەوێت گوشار لە قەوارەی هەرێم بکەن، بەڵام ئەم ئاگرە وەبیرهێنانەوەیەک بوو کە مافە نەتەوەییەکان مامەڵەیان پێوە ناکرێت. کورد هەمیشە لەژێر گەمارۆدا بووە، بەڵام وەک چۆن ئاگری نەورۆز خامۆش نەبووە، داواکارییە ڕەواکانی گەلیش بۆ پاراستنی شکۆ و بژێوی وەک مافێکی سەرەکی دەمێننەوە و هیچ کات چاوپۆشییان لێ ناکرێت.
ئەم دیمەنە شکۆدارەی سەر قەڵات، پەیامێکی دڵنیاکەرەوەش بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، وەک ناوەندی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. ئەمە نیشانیدا کە کلتووری بەرگری و ئاشتیخوازی لەم خاکەدا ڕەگی داکوتاوە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم سیمایە بشێوێنێت. قەڵاتی هەولێر تەنیا شوێنێکی مێژوویی نییە، بەڵکو سەکۆیەکی سیاسییە بۆ نیشاندانی خۆڕاگری. داگیرساندنی مەشخەڵی سەرکەوتن لەلایەن سەرکردایەتیی پارتی و جەماوەرەکەیەوە، پەیامێکی نەخێری توند بوو بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت قەوارەی هەرێم لاواز بکەن. ئەمە دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە تاریکی هەرچەندە درێژ بێت، ئاگری نەورۆز هەر دەگەشێتەوە!