ھەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێ بڵاوکردەوەو، لە پەیامەکەیدا دەڵێت، نەورۆز ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانیمانە، لەگەڵ ھاتنەوەی ھەر سەری ساڵێکی کوردیدا، ھەستی کورد بوون و کوردستانی بوون و مرۆڤ بوون، لە ئەو پەڕی درەوشانەوەدا بەرجەستە دەبێت.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی فازڵ میرانی.
نەورۆز و ساڵی نوێتان پیرۆز
سەری ساڵی ٢٧٢٦ی کوردی و جەژنی نەورۆز لە ھەموو کوردستانیان پیرۆز بێت. ئەم جەژنە ھێمای سەرکەوتن و مژدەی بەھار و تێپەڕاندنی تەم و تاریکیی ژێردەستی و گەیشتن بە ئاسۆی بەرەو ئازادی و شادییە.
نەورۆز کولتوور و میراتی نەتەوەیی و شارستانیی گەلەکەمانە، نیشانەی نوێبوونەوەی ژیان و ساڵی نوێیە، تێیدا کوردستانیان بەھیوایەکی زۆرەوە لە ئاییندەیەکی گەش و بەدیھاتنی خواست و چاوەڕوانیی خۆیان دەڕوانن، کە ئێمە نەتەوەیەکی ژیاندۆستین، لە پێناوی شکۆ و ئازادیدا، یەکدەنگ و ھاوڕیزین.
ئەم ساڵ لە ھەلومەرجێکی دژواردا پێشوازی لە نەورۆز و سەری ساڵی نوێ دەکەین، تێکڕای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت. ئێمەی کورد ھەردەم لایەنگری ئاشتی و پێکەوەژیانی بەرھەمداریی نێوان گەل و نەتەوەکانین، بەدرێژایی مێژوو دژ بە ستەم و تاوان و ناھەقی وەستاوینەتەوە، ئەمەش لە کرۆکی فەلسەفەی نەورۆزەوە سەرچاوەی گرتووە.
نەورۆز ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانیمانە، لەگەڵ ھاتنەوەی ھەر سەری ساڵێکی کوردیدا، ھەستی کورد بوون و کوردستانی بوون و مرۆڤ بوون، لە ئەو پەڕی درەوشانەوەدا بەرجەستە دەبێت. بۆیە تێکڕای گەلەکەمان لە نەورۆزدا ھەبوو.
فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان