Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ هەینی، سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2726ـی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەكەم. هەروەها جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەی جیهان و ناوچەكە پیرۆز دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە فەرهەنگ و مێژوویان. هیوادارم ساڵێكی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەك.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە. ئەمە وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی بەردەوامبوون و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاشتی لە مێژووی گەلی كوردستاندا ڕەگی قووڵی داكوتاوە.

نەورۆزی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكاری و ئاڵۆزی و گرژیی زۆر لە ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی. لەو دۆخە هەستیار و مێژووییەدا، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسیەكان هەماهەنگ و هاوكاری یەكتری بن و پشتیوانی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان بن.

هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە شادی و كامەرانی بەڕی بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە دوور لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی بتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

 

نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بەخێر وخۆشی

 

مسعود بارزانی

29ی ڕەشەممەی 2725ی كوردی  

20ی ئاداری 2026