Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدولڕەحمان سدیق لە ڕێگەی KDP.infoوە داوا دەکات نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە جەژنی ئاشتەوایی

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ژینگە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەورۆزی ئەمساڵ بکەنە وێستگەیەک بۆ پاراستنی سروشت و پابەندبوون بە ڕێنماییە ژینگەییەکان، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە گەشت و سەیرانەکان بە جۆرێک بن کە زیان بە سیمای جوانی کوردستان و سامانی سروشتی نەگەیەنن.

عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران لە بواری ژینگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''پێویستە ئاگرکردنەوەی نەورۆز تەنیا وەک سیمبولێک بمێنێتەوە و لە شوێنی دیاریکراودا بێت، بە جۆرێک کە سوود لە داری وشک وەربگیرێت و بە توندی لە سووتاندنی تایە و لاستیک دووربکەوینەوە، چونکە دەبنە هۆی پیسبوونی مەترسیداری هەوا.

ڕاوێژکارەکەی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە گەشتیاران کرد لە کاتی سەیراندا دووربکەونەوە لە دروستکردنی ژاوەژاو، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ و ئارامیی زیندەوەران هەیە، هاوکات پاراستنی ڕووەک و دەغڵودانی جووتیارانی بە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی وەسف کرد.

سەبارەت بە شێوازی گەشتەکان، عەبدولڕەحمان سدیق پێشنیاری کرد خواردنەکان لە ناو ماڵەوە ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لە سروشتدا پێویست بە ئاگرکردنەوە نەبێت، هەروەها داوای کرد بڕی خواردن بەقەدەر پێویستی بێت تا دیاردەی زێدەڕۆیی کەم بێتەوە، هێنانەوەی پاشماوەی گەشتەکانیشی بۆ ناو شار بە گرنگ زانی تا لە ڕێگەی تیمەکانی شارەوانییەوە بە شێوازی زانستی لەناو ببرێن.

لە کۆتاییدا، ناوبراو پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و دەستەکانی گەشتوگوزار، وەبەرهێنان و ژینگە کرد، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی پاکوخاوێنی و گەشەپێدانی سەیرانگەکان بکەن و کەرتی تایبەتیش زیاتر بێتە ناو پرۆسەی بەڕێوەبردنی شوێنە گەشتیارییەکانەوە.

 

بڵند ئیبراهیم