Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی یەکێتیی زانایان بۆ KDP: هاوکاتبوونی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز دەرفەتێکە بۆ یەکڕیزیی گەلەکەمان

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، هاوکاتبوونی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەگەڵ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی خۆمان بەرزتر ڕابگرین و یەکڕیزیی نێوانمان پتەوتر بکەین.

د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان دەکەین. هاوکاتبوونی ئەم جەژنە لەگەڵ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی خۆمان بەرزتر ڕابگرین و یەکڕیزیی نێوانمان پتەوتر بکەین.

سەرۆکی یەکێتیی زانایان گوتیشی، ''لەو هەلومەرجە تایبەتەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر گرنگە خەمی گەورەمان خەمی کوردستان بێت و کێشە حزبی و شەخسییەکان بەلاوە بنێین، چونکە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە بەرهەم و ئەرکی هەموومانە بیپارێزین.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی زانایان جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو لایەک کار بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی ناحەزان بکەن و گوتی، ''پێویستە بەرژەوەندیی گشتی لەسەر بەرژەوەندیی تایبەت بێت و لەم قۆناغەدا تەنیا بیر لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەینەوە.

 

قائید میرۆ