Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێم لە جەژنی ڕەمەزاندا: با لێبوردەیی و گەردنئازادی بکەینە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی تەبایی

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات، لە پەیامەکەیدا وێڕای جەختکردنەوە لە لێبوردەیی و گەردنئازادی، داوا دەکات لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا، تەبایی و یەکدەنگی بکرێتە بنەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانان لە کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم. بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادە و کەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان.

با مانا و پەیامە بەرزەکانی ئەم جەژنە لە لێبوردەیی، گەردنئازادی و ئاشتەوایی، بکەینە دەرفەتێکی نوێ بۆ پتەوکردنی تەبایی و پێکەوەیی. لەم دۆخە هەستیارەدا کە ناوچەکەمان بە ئاڵۆزی و مەترسییەکانی شەڕدا تێدەپەڕێت، ئەرکی هەمووانە کە بە بەرپرسیاریه‌تیی مێژوویی و نیشتمانییەوە کار بکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

ئێمە بە ئومێد و گەشبینییەوە لە داهاتوو دەڕوانین و دڵنیاین گەلی کوردستان بە خۆڕاگری و یەکدەنگی، ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنێت. هیوادارم جەژنی خێر و به‌خته‌وه‌ری بێت بۆ هەموو لایەک.

 

جەژنتان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١٩/٣/٢٠٢٦