Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری پۆلیس لە ڕێگەی KDP.infoوە پلانی ئەمنی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕادەگەیەنێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی دیکە، پلانێکی ئەمنیی تۆکمەیان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان لە ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز داڕشتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عەمید کامل بەرزنجی)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەپێی ئەم پلانە، کە بە هەماهەنگیی نێوان پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی دیکە داڕێژراوە، کۆی هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و ناوچە قەرەباڵغ و سەیرانگاکاندا بە شێوەیەکی بەردەوام بڵاو دەبنەوە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی شار و دەرەوەی شار و سەیرانگاکانیش بپارێزرێت و هاووڵاتیان بتوانن بە ئاسوودەیی و ئارامی جەژنەکانی خۆیان بەڕێ بکەن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەروەها جەختی کردەوە، وەک هێزە ئەمنییەکان داواکاریمان لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت و دەوروبەری ئەوەیە، کە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بکەن و لە هەر حاڵەتێکی نایاسایی و نائاسایی، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە، چونکە پاراستنی ئاسایش و ئارامی، پێویستی بە هاوکاریی هەموو لایەکمان هەیە.

(عەمید کامل بەرزنجی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی لە ئامادەباشیدان بۆ خزمەتکردن بە هاووڵاتیان و هەروەها دڵنیاییشی دا، کە لە ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، کەشێکی لەبار بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێندرێت، تاوەکو لەوپەڕی ئارامی و ئاسوودەییدا جەژنەکان پیرۆز بکەن و کاتەکانی خۆیان بە دەربڕینی خۆشی و ئارامی بەڕێ بکەن.

 

ئومێد بابان