Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیاندراوێک لە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوت

هەولێر-KDP.info- شاندی دانووستانکاری ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاری ڕێککەوتنەیەکەیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئاشکرا کرد و دەڵێت، ھەردوولا ڕێککەوتین لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ھەناردەکردنی نەوت.

دەقی ڕاگەیاندراوی شاندی دانووستانکاری ھەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ، ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی ھەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووریی و لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی ھەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێکار و ھەنگاوێک کە ببێتە ھۆی زیادکردنی داھاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە ھەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، ھاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی ھەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی ھەرێم – جەیھان.

بۆ ئەم مەبەستە، ھەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی ھاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم پێکبھێنن، بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوە تەکنیکیی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەستپێکردنی ھەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیھانییەکان لە ڕێگەی بۆری ھەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داھاتی فرۆشتنی نەوتی ھەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ.

ھەروەھا، ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ھەناردەکردنی نەوت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری ھەر ڕێکارێکی پێویست بۆ ھاوبەشیی و پشتیوانی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینکردنی داھاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

 

شاندی دانووستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

١٧ـی ئازاری ٢٠٢٦