هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کردوو هەردووکیان جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی ئاداری ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی باردۆخی گشتیی ھەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە کرا.
باڵیۆز تۆم بەڕاک، سڵاو و رێزی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ ئامادەیی دەربڕینی بۆ ھاوکاریکردنی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو ھەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە و تیمی ھەرێمی کوردستانیشی ڕاسپاردووە کە ئاسانکاری بۆ ھەناردەکردنی نەوت بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک لەم دۆخە سەختەدا.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی ئەوەی پێویست بێت لەمبارەیەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی دەیکەین و داواشی لە ئەمەریکا کرد کە بەردەوام بێت لە رۆڵی چاودێرانەی خۆی لە دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی گومرگ و ئابلوقەی بازرگانی.
ھەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی ھاریکاری و ھاوئاھەنگیی بەردەوامی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە پێناو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.