Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتی بەساڵاچووان درێغی ناکەین

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین، خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی لە سیتەک بەسەرکردەوە. لە دیدارەکەدا وێڕای دەستخۆشی لە کارمەندان، جەختی لە گرنگیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی بەردەوام کردەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو خانەیە.

لە درێژەی سەردان و بەسەرکردنەوەکانیدا، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای (سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین)، بە یاوەری د. ئەشواق جاف، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ھەڤاڵانی مەکتەب و ناوچەی شارباژێڕ، خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی لە شارۆچکەی سیتەک بەسەرکردەوە و لەلایەن بەڕێوەبەر و کارمەندانی خانەکەوە پێشوازییان لێکرا.

بەرپرسی مەکتەب دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستەی کارمەندان کرد و ڕایگەیاند: "ئەرکێکی پیرۆزتان لە ئەستۆیە و جێی شانازین، خزمەتکردنی ئەم ئازیزانە ئەرکی سەرشانی ھەموومانە."

ئاماژەی بەوە کرد کە ھەرچی لە توانادا بێت درێغی ناکەن بۆ خزمەتی زیاتری نیشتەجێبووانی خانەکە، ھەروەھا ھەڤاڵانی ڕاسپارد کە ھەماھەنگی تەواویان ھەبێت لەگەڵ ئیدارەی خانەکە.

لای خۆیانەوە بەڕێوەبەر و کارمەندانی خانەکە، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری، تیشکیان خستەسەر کەمکوڕی و پێداویستییەکانی خانەکە و داوایان کرد ھەموو لایەک ھاوکار بن بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەن.

 

بەرهەم شێخ عزەدین