Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"230 هەزار هەلی کارمان ڕەخسێندراوە و 303 هەزار کرێکاریش دەستەبەر کراون"

ھەولێر-KDP. info-  بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی پرۆژەى "خزمەتی هەواڵ"ی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار و دەستەبەرکردن و پاراستنی مافە یاساییەکانی کرێکاران بەدەست هێناوە. بەگوێرەى ئامارەکان لە 6 ساڵی ڕابردوودا، نزیکەى 230 هەزار هەلی کار ڕەخسێنراوە و 303 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون.

زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی کرێکارە دەستەبەرکراوەکان

لە ساڵی 2019 تەنیا 78 هەزار کرێکار دەستەبەر کرابوون، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ 303 هەزار کرێکار بەرز بووەتەوە، کە زیاتر 258 هەزاریان کرێکاری ناوخۆیین و 45 هەزاریشیان کرێکاری بیانین. سەبارەت بە پڕۆژەکان، تاکوو ئێستا 61 هەزار و 423 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر کراون.

 

مووچە و شایستە داراییەکان

یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی حکوومەت، دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی کرێکارانە بە بڕی 450 هەزار دینار بۆ کرێکاری ناکارامە. سەبارەت بە پاداشتی کۆتاییی خزمەتیش، لە ساڵی 2024 تا کۆتایی 2025، بڕی 70 ملیار دینار وەک پاداشتی خزمەت بۆ 17 هەزار و 625 کرێکار خەرج کراوە.

هەلی کار و بەخۆماڵیکردنی دەستی کار

بەپێی بڕیاری ژمارە (172)ی ساڵی 2022ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی ناچار کردووە 75٪ی هێزی کاریان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بن و تەنیا 25٪ بۆ کرێکاری بیانی بێت. لەم چوارچێوەیەدا:

لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا، لە کەرتی وەبەرهێنان، زیاتر لە 140 هەزار هەلی کار ڕەخسێنراوە.
تەنیا لە کەرتی پیشەسازی، بیناسازی و گەشتیاری نزیکەی 40 هەزار هەلی کار دابین کراوە.
لە کەرتی گشتی بەشێوەى دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست، توانراوە 48 هەزار هەلی کار بڕەخسێنرێت.

خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی

بەپێی یاسا، کرێکاران هاوشێوەى فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەتوانن خانەنشین بن. شێوازى خانەنشینبوونی کرێکاران دواى دەستەبەرکردنیان بەم شێوەیەیە: مانگانە خاوەنکار 17%ی مووچەى کرێکار، لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی کرێکاران دادەنێت، کە  12% لەسەر خاوەنکارە و 5٪ لەسەر مووچەی کرێکارە. ئەم دەستەبەرە نەک هەر بۆ خانەنشینی، بەڵکوو بۆ کاتی پەککەوتن و ڕووداوەکانی ناو کار و نەخۆشییش، کرێکار دەپارێزێت.

پاراستنی مافەکان و هێڵی گەرم

حکومەت بۆ گوێگرتن لە سکاڵای کرێکاران، هێڵی گەرمی (5500)ی تەرخان کردووە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 300 سکاڵا تۆمار کراون و چارەسەر کراون. هەروەها ڕێکاری یاساییی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر، بەجۆرێک کە 207 پڕۆژە بەهۆی پابەندنەبوون بە مافەکانی کرێکاران ڕەوانەی دادگا کراون. لەم چوارچێوەیەدا نهێنی و تایبەتمەندیی کرێکار بە پارێزراوی دەهێڵدرێتەوە.