Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئومێد خۆشناو بۆ KDP: هەولێر بۆ جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز لە ئامادەباشیدایە

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێکردنی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواو کراون و پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستنی ئارامی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ دەکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشوازی لە دوو جەژنی مەزن دەکەین، جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز. بۆ ئەم مەبەستە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و میوانانی پایتەخت. نەخۆشخانەکان، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و دەزگا فریاگوزارییەکان لە ڕۆژانی جەژندا بەبێ پشوو لە ئەرکدا دەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر هەماهەنگیی باڵای نێوان دەزگا ئەمنییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی شار. هەروەها ڕایگەیاند، ''ڕێنمایی توند دراوەتە دەزگا پەیوەندیدارەکان کە لە ڕۆژانی پشوودا ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە زێدەڕۆییەک بکرێتە سەر موڵکی گشتی و بەپێی یاسا ڕێگری لە هەر سەرپێچییەک دەکرێت.

سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی نەورۆز، ئومێد خۆشناو گوتی، ''بەهۆی ڕەوشی ئێستای ناوچەکە، ئەمساڵ هیچ مەراسیمێکی فەرمی و گشتی لەلایەن پارێزگاوە بەڕێوەناچێت، بەڵام هاووڵاتیان و شوێنە گشتییەکان ئازادن لە کەرنەڤاڵی جەماوەری و کردنەوەی ئاگری نەورۆز بۆ زیندووکردنەوەی ئەم جەژنە نەتەوەییە، بەو مەرجەی کەشێکی ئارام و پارێزراو بێت بۆ هەمووان.

 

قائید میرۆ