خورماڵ-KDP.info- لەگەڵ تێپەڕبوونی زستان و خەندەی بەهار، شاخەکانی هەورامان و سورێن دەبنە مەکۆی سەوزایی و داهات. قەزای خورماڵ، وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانیی ئەم بەرهەمانە، ڕۆژانە پێشوازی لە هەزاران کەس دەکات کە بۆ چێژ و تەندروستی، ڕوو لە کڕینی گژوگیای بەهارە دەکەن.
ئەگەرچی کۆکردنەوەی ئەم گژوگیایانە ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و نرخەکەشیان بەراورد بە سەوزە ئاساییەکان گرانترە، بەڵام خواست لەسەری بە ڕادەیەکە کە لە بازاڕدا ناکەوێتە زەوی. بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، ئەمە تەنیا خواردن نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوی ژیانە لە ماوەی شەش مانگی ساڵدا (لە کۆتایی مانگی ١٢ تا مانگی ٦).
پشتیوان مستەفا، کە ئەزموونی ١٥ ساڵ فرۆشتنی ئەم گژوگیایانەی هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی وەک چارەسەری پزیشکی سەیری ئەم گیا کێوییانە دەکەن كە (باڕێزە): وەک چارەسەرێکی کاریگەر بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە ناسراوە، (کنگر) دەوڵەمەندە بە کانزا و ڤیتامینەکان و یاریدەدەرێکی بەهێزی کۆئەندامی هەرسە.

هاوكات یادگار عەبدول كە دوکاندارێکی تری ناوچەکەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە ئەم گیایانە هێندە پاکن "پێویستیان بە شۆردنەوە نییە" و زۆر سووک و زوو هەرس دەبن.
لە ناو دوکانەکانی خورماڵدا، بۆن و بەرامەی سروشت مەستت دەکات. گرنگترین ئەو جۆرانەی ئێستا لە بازاڕدا دەبینرێن بریتین لە (هاز، خوژە، ڕێواس، گۆزروانە، باڕێزە، گێلاخە، ڕوسقە)
ناوبانگی خورماڵ تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا نەماوەتەوە، بەڵکو کڕیاران لە شارەزوور، دەربەندیخان و سەیدسادقەوە بۆی دێن. تەنانەت گەشتیارانیش بەشێکی سەرەکین لە کڕیارەکان.
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، ئەم گژوگیایانە دەبنە میوانی سەرەکیی سەر سفرەی فتار، چونکە بۆن و تامێکی تایبەت بە کاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەبەخشن.

پەیوەست بە گرانیی هەندێک لەم گیایانە یادگار عەبدولی دوکاندار هۆکاری گرانیی هەندێک لەم گیایانە، وەک باڕێزە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە شوێنی زۆر سەخت و تاشەبەردەکاندا دەڕوێن، کە بەدەستهێنانیان مەترسی و ماندووبوونێکی زۆری پێویستە.
ڕاپۆرت: عەلی بانیشاری