Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوی فەرمانبەرە گرێبەستەکان، بۆ پێدانی زەوی ئامادە دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت،  ئامادەکاری دەکرێت دوای جەژن دەست بە وردبینی ناوی گرێبەستەکان بکرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی پێدانی زەوی، ئێستا چاوەڕێی گەیشتنی ناوی  گرێبەستەکان دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە وردبینی بکرێت.

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دوای ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی بە گرێبەستەکان وەکو ھەمیشەییەکان، داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان کراوە ناوی گرێبەستەکانمان بۆ ڕەوانە بکەن جا چ لەسەر پێشینەی مانگانە بێت یاخود لەسەر بودجەی دیکە، ھەموویان دەگرێتەوە، ئەوەی مەرجەکانی وەکو مەرجی ھەمیشەییەکان بێت، ئێستا بەردەوام ناوەکانمان بۆ ڕەوانە دەکرێت، دوای جەژنی ڕەمەزان دەست بە وردبینی لە ناوەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەربگرین و ڕەوانە بکرێن بۆ شارەوانییەکان بۆ پێدانی زەوی."
سەربەست مەولود گوتیشی "پرۆسەی دابەشکردنی زەویش بەردەوامە، لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر نزیکەی ٤٠ھەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، لە شارەوانییەکانیش نزیکەی ٣٠ھەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی و شارەکانی دیکەش بەردەوام کاری لەسەر دەکەن، ئێستا دھۆک خۆی ئامادەکردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا وەجبەیەک دابەش دەکرێت، وەزارەتی شارەوانی فشاریان لێ دەکات پەلە بکەن بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی ڕەزامەندیان ھەیە زەویان پێبدرێت."

 

بڵند ئیبراھیم