بەردەڕەش-KDP.info- دەڤەری بەردەڕەش وەک یەکێک لە ناوچە هەرە بەپیتەکانی هەرێمی کوردستان، لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا بووەتە جەمسەرێکی گرنگی ئاسایشی خۆراک. ئەندازیار تەحسین گۆران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی لە کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکەدا ڕوویداوە.
ئەندازیار تەحسین گۆران ئاماژە بەوە دەکات کە لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، شۆڕشێکی گەورە لە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە بەردەڕەش بەرپابووە. ئەو دەڵێت، ''بەهۆی بەپیتیی زەوی و دابینکردنی بازاڕ لەلایەن حکوومەتەوە، بەرهەمی پەتاتە ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە و بەردەڕەش بووەتە ناوەندێکی سەرەکیی ئەم بەرهەمە لەسەر ئاستی وڵات.
سەبارەت بە بەرهەمی دانەوێڵە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش ڕایگەیاند کە ساڵانە نزیکەی ٨٠ هەزار تەن گەنم لە سنوورەکە بەرهەم دەهێنرێت. حکوومەتی هەرێمیش لە ڕێگەی دابینکردنی بنەتۆوی پاڵپشتیکراو و دەرمانی قڕکەر، هاوکاری بەردەوامی جووتیارانی کردووە بۆ ئەوەی ئاستی کوالێتی گەنمی ناوچەکە لە بەرزترین ئاستدا بێت.
تەنیا ڕووەک لایەنی بەهێزی بەردەڕەش نییە، بەڵکو لە ڕووی سامانی ئاژەڵیشەوە هەنگاوی گەورە نراوە. تەحسین گۆران ئاشکرای دەکات کە، ''٨٠ پڕۆژەی پەلەوەر لە سنوورەکەدا کار دەکەن و چەندین پڕۆژەی مریشکی هێلکە، هەڵهێنەری جووجەڵە و چێڵی شیری دامەزراون و ناوچەکە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی گۆشتی سپی و شیرەمەنی.
بەهۆی ئەوەی ڕووبەری زەوییە شیاوەکانی هەرێم نزیکەی ٦ ملیۆن و نیو دۆنمە، بەردەڕەش پشکی شێری لەم ڕووبەرەدا هەیە. ئێستا لەم دەڤەرەدا جگە لە گەنم و پەتاتە، بەرهەمەکانی (پیاز، گەنمەشامی، شووتی) و چەندین جۆری تر بە ڕێژەیەکی زۆر دەچێنرێن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش دەڵێ، ''حکوومەت درێخی نەکردووە لە پاڵپشتیکردنی جووتیاران، بەتایبەت لە دۆزینەوەی بازاڕ و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
حەمید سوورچی