هه‌ولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئێمه به هیوا و ئومێده‌وه له داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان ده‌ڕوانین و دڵنیاین دواڕۆژى گه‌لى كوردستان ڕووناكه.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
لە (38)ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو کارەساتە دەکەینەوە كه 16ى ئادارى 1988 ڕ‌ژێمى ئه‌وساى عێراق ده‌رهه‌ق به گه‌لى كوردستان ئه‌نجامى دا و بۆ هه‌میشه وه‌ك برینێكى كراوه‌ى نیشتمان ده‌مێنێته‌وه. سەری ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی کوردستان دادەنوێنین. سڵاو بۆ کەسوكارى سەربەرزیان و هەموو قوربانییان دەنێرین.
هەڵەبجە تەنیا هەوڵێکی سڕینەوەی جەستەییی كورد نەبوو، بەڵکوو تاوانێكى دژى مرۆڤایه‌تى و هێرشێکی دڕندانەى سەر ئیرادەی گەلێک بوو کە تەنیا داوای ژیان و ئازادیی دەکرد. هەڵەبجە وەک گەواهیدەرێکی زیندووی مێژوو لە ویژدانی جیهاندا دەمێنێتەوە، تاكوو مرۆڤایەتی وانەی لێ وەربگرێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە کۆمەڵکوژییەک بگرێت، له هه‌ر كوێى جیهان بێت.
لەم یادەدا، جەخت لە بەرپرسیاریه‌تیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەرانبەر به هەڵەبجە و قوربانییانی دەکەینەوە. به‌پێى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق كه تاوانى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى به جینۆساید ناساند، پێویستە قەرەبووى شایستەی قوربانییان بكاته‌وه، تاكوو دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانییان به‌دى بێت. هه‌روه‌ها له هه‌رێمى كوردستانیش ده‌بێ باشترین خزمه‌ت و چاودێریى پێویست پێشكه‌ش به به‌ركه‌وتووانى ئه‌و تاوانه بكرێت.
ئەمڕۆ کە ناوچەکە بە دۆخێکی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، ئەرکێکی قورسی نیشتمانی لەسەر شانی هەموومانە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان. لەم دۆخە هەستیارەدا، یەکڕیزی و ته‌بایى تاقە ڕێگەی پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانە. هه‌مووان قه‌رزارى خوێنى شه‌هیدانین و باشترین وەفاداری بۆ گیانى پاكیان، کارکردنی پێکەوەیییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان له گه‌ل و خاكى كوردستان.
له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ختى و ئاڵنگارییه‌كانیشدا، ئێمه به هیوا و ئومێده‌وه له داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان ده‌ڕوانین و دڵنیاین دواڕۆژى گه‌لى كوردستان ڕووناكه. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/16