Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم دەسکەوتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتوون، بەرهەمی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستانن و دەبێت بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ بکەین، هاوکات جەختی کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ پێویستە لە ئاست بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووریی  خۆیدا بێت و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری سەربڵندی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی:

لە (38)مین ساڵڤەگەڕی کیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدە بێتاوانەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە دەکەینەوە کە بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و ئامانجیان قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو. 

کیمیابارانی هەڵەبجە هەمیشە زامێکی قووڵە لە مێژووی ئێمەدا و هێمایەکی دیار و ڕوونی ئەو ستەمکاریی و زۆرداریەیە کە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام درا. 

نابێت ئەم تاوانە هۆڤانەیە، هەرگیز لە یاد و یادەوەریی خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتیدا بچێتەوە و پێویستە خەڵکی کوردستان، لە یادی نەچێت کە ئەم دەسکەوتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتوون، بەرهەمی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستانن و دەبێت بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ بکەین. 

لەم یادە خەمگینەدا، جارێکی دیکەش بە بیر حکوومەتی فیدراڵ دەهێنینەوە کە پێویستە لە ئاست بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووریی  خۆیدا بێت و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری سەربڵندی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و سەرجەم قوربانیانی دیكەی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.

 

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2026/3/16