Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

هه‌ولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات لەبری دەرکردنی بەیاننامەی هەڕەشەئامێز کۆبونەوەی دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئەنجامبدات.

دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران:

دوابەدوای ئەو ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ژمارەیەک فراکسیۆنی  ئەنجوومەنی نوێنەران بەیاننامەیان بڵاوکردەوە کە هەڕەشە و هۆشداری لەخۆگرتبوو.

بۆیە بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردنی تیمە تەکنیکییە تایبەتمەندەکان لە دانوستانی بەپەلە و دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی خاڵە هەڵپەسێردراوەکانی ناکۆکی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری خێرا کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی وڵات بکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێز لە دەستوور دەگرێت و پابەندە بە دەستوور، چاوەڕوانیش دەکات بەغدا ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگرێت و واز لە پێشێلکردنیان بهێنێت.

وەک لە مادەی (112)ی دەستووری عێراقدا هاتووە: حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێکەوە سیاسەتە ستراتیژییە پێویستەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز بە شێوەیەک دادەڕێژن کە بەرزترین قازانج بۆ گەلی عێراق بەدەستبهێنێت، بە وەرگرتنی نوێترین تەکنەلۆجیا و بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان.

لێرەدا ئێمە جەخت لەسەر وشەی "پێکەوە" دەکەینەوە، چونکە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە تایبەت نییە بە حکوومەتی فیدراڵی، وەک هەندێک لەو فراکسیۆنانە ئیدیعای دەکەن.

بۆیە بەپەلە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین لەبری دەرکردنی بەیاننامەی هەڕەشەئامێز کۆبونەوەی دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئەنجامبدات.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

2026/3/15