Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەڵەبجە، برینێکی قووڵ و ھێمایەک بۆ ستەم

فازڵ میرانی

لە مێژووی کورددا، کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ وەک برینێکی قووڵ لە ویژدانی نەتەوەدا دەمێنێتەوە. ھەڵەبجە نیشانەی ئەو ستەمە زۆرەیە کە داگیرکەران بە درێژایی مێژوو لە کوردیان کردووە.

ھەڵەبجە شارێکی ئارام بوو و خەڵکێکی ژیاندۆست تێیدا دەژیان. بەڵام ڕژێمی داگیرکەر بە دڵڕەقانەترین شێوە و بە چەکی کیمیایی ھێرشی کردە سەر ئەو شارە سڤیل نشینە، کە ھیچ ڕژێمێک بەو شێوە دڕندانەیە ھێرش ناکاتە سەر ھاووڵاتیانی خۆی.

لە ڕۆژژمێری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، ھەڵەبجە ھاوکات ئازار و سەروەرییەکی گەورەیە. لەلایەکەوە، زیاتر لە ٥ ھەزار قوربانی و وێرانبوونی شارەکە، برینێکی قووڵە لە ویژدانی نەتەوەدا. لەلایەکی ترەوە، ھەڵەبجە ناونیشانی بەرخودانێکی نەبڕاوەی نەتەوەیەکە لەپێناو ئازادی و سەروەری و ڕیسواکردنی داگیرکەران.

ھەرچەندە ئەمڕۆ ھەڵەبجە شار و ناوەندی پارێزگایەکی نوێی کوردستانە، بەڵام وەک کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە و ھێمای زوڵمێکی گەورە، ھێشتا مافی تەواوی خۆی لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا وەرنەگرتووە. تەنھا یادکردنەوەی ساڵانە بەس نییە، بەڵکو دەبێت ھەڵەبجە ببێتە نموونەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم لەسەر ئاستی جیھان و نیشانەیەکی گەش بۆ خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە مافی ڕەوایەتی لە ئازادی و سەربەخۆیی دەخوازێت.

 

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی