Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە دوای ئەوەی بڵاوی کردبووەوە کە گوایە ھەرێمی کوردستان ئامادە نییە بەشێکی نەوتی عێراق بەڕێگەی بۆڕی بۆ تورکیا بنێردرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ٦ خاڵ وەڵامی بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق کە بریتییە لەمانەی خوارەوە:-

١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا ھەموو ڕەھەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و ھەوڵی تۆمەتبارکردنی ھەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

٢- حکوومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلووقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر ھەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، ھیچ جوولەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ ھەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە ھەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

٣- میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، ھەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت و گاز و وزەی ھەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم ھێرشە تیروریستیانەدا، بەرھەمھێنان وەستاوە و ھیچ بەرھەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا ھەناردەی دەرەوە بکرێت.

٤- بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو ھێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا ھیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم ھێرشانە.

٥- بەشێکی زۆری ئەم ھێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان ھەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

٦- ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بنیادنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و ھەوڵ دراوە ئەجندای نا دەستووری و نا یاسایی لەسەر ھەرێم بسەپێندرێت.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی ھەرچی زووترە، تیمە پسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە ھەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٣/١٥