Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی بۆ KDP: ئەو دڵەڕاوکێیەی سەرەتا هەبوو ڕەویوەتەوە و نرخەکان ڕوو لە دابەزینن

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و جەخت لە سەقامگیریی بازاڕ و جێگیریی نرخەکان دەکاتەوە.

سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە نەخوازراوەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی خۆراک نییە و بازاڕەکان لێوانلێون لە کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان."

بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دڵەڕاوکێیەی لە سەرەتای دۆخەکە دروست ببوو ڕەویوەتەوە و نرخەکان گەڕاونەتەوە ئاستی ئاسایی و داواش لە هاووڵاتییان دەكەم کاڵای زیادە مەکڕن، چونکە نرخەکان ڕوویان لە دابەزین کردووە و کڕینی بڕی زۆر تەنها زیانی دارایی بە کڕیار دەگەیەنێت.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ماڵپەڕی KDP.infoوە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نائاسایی یان گرانفرۆشی، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن و دەڵێ، بەپێی ڕێنماییەکان و لە ڕێگەی پسوولەی کڕینەوە، مامەڵەی توند لەگەڵ هەر سەرپێچیکارێک دەکرێت کە بیەوێت ناحەقی بەرامبەر هاووڵاتییان بکات.

 

بڵند ئیبراھیم