Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لقی ٦ی ئەورووپای پارتی یادی بارزانیی نەمری بەرز ڕاگرت

ئەورووپا-KDP.info-​ لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی ڕەوەندی کوردی، یادی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەری نەتەوەیی، بارزانیی نەمری کردەوە و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی ئەو کارێزمایە لە یەکخستنی گەلی کورد و خەبات لە پێناو مافە ڕەواکاندا.

بە دروشمی "بارزانی ھەوێنی پێکەوەژیان بوو"، لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی شایستەی بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەری نەتەوەیی کورد، بارزانی نەمر، ساز کرد. لەو مەڕاسیمەدا کە ڕۆژی شەممە، ١٤ی ئاداری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشانی بارزانی نەمر لە پێناو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

سەرھەد غەفووری، بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا، لە وتارێکدا بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یادی کارێزمایەک دەکەینەوە کە گشت تاکێکی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان شانازی بە مێژووەکەیەوە دەکات. بارزانی نەمر مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ بوو کە سەراپای ژیانی بۆ تێکۆشان و بەدەستھێنانی ئایندەیەکی گەش بۆ گەلەکەی تەرخان کرد."

غەفووری لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی کوردستان بەستراوەتەوە بە خەباتی بارزانی نەمر و پێویستە نەوەکانی ئێستا و داھاتوو بە ویژدانەوە لەم مێژووە بڕوانن و ئاشنای ئەو قوربانیدانە گەورانە بن کە لە پێناو دۆزی کورددا دراون.

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا، بەرپرسی لقی ٦ سڵاوی بۆ ڕۆحی پاکی بارزانی نەمر، کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان نارد و جەختی لە پەیڕەوکردنی پرەنسیپ و کولتووری ئەو ڕێبازە نەتەوەییە کردەوە.