سەگڤان هالۆ
ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆز و دەگمەنە لە مێژووی ئێمەدا، ڕۆژی لەدایکبوونی سیمبوڵی نەتەوەیی و ڕووحیی گەلی کورد، بارزانیی نەمر ئەو ناوەی هەر کاتێک دەبیسترێت، لێدانی دڵ خێراتر و خوێن لە دەمارەکاندا گەرمتر دەبێت، ناوێک کە شکۆ و سەربەرزیی هەر تاکێکی کورد و هەر بستێکی ئەم نیشتمانەی پێوە گرێدراوە.
مستەفا بارزانی، مێژووی کوردستانی بە خوێن و ئیرادەیەکی پۆڵایین لەسەر لاپەڕە سەختەکانی زەمەن تۆمار کرد. ئەو لە خاکێکدا چاوی بە دنیا هەڵهێنا کە ئازادی تێیدا مەیلی تاهەتایی بوو، لە مەکۆی شۆڕش و بەرخودانەوە، هەر لە کۆرپەییەوە گوێی لە زایەڵەی تۆپ و تفەنگ بوو، لە لاویشیدا تاڵاوی ئاوارەیی و دەربەدەریی چێشت، بەڵام هیچ کام لەم نەهامەتییانە نەیانتوانی کۆڵ بە ئیرادەی بدات. بەپێچەوانەوە، ئەو هەموو تەمەنی خۆی کردە قوربانییەک بۆ سەرفرازیی نەتەوەکەی، هەر بۆیە مێژوو بە نەمری دەیهێڵێتەوە.
ئەوەی بارزانیی نەمر لە سەرکردەکانی تری جیهان جیا دەکاتەوە، تەنها قارەمانێتیی مەیدانی نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو کە هەرگیز بۆ خۆی نەژیا. ئەو هەر هەناسە و هەنگاو و بڕیارێکی، تەنها و تەنها لە پێناو ڕزگاریی گەلەکەیدا بوو. خۆی بە ئامرازێک دەزانی بۆ گەیاندنی کورد بە کەناری ئارامی، نەک مەبەستێک بۆ ناوبانگی خۆی.
چیا سەرکەشەکان و دەشتە فراوانەکانی کوردستان، گەواهی ئەوە دەدەن کە نە تەمەنی ئاوارەیی پشتی چەماندەوە و نە تاریکیی زیندان ترسی خستە دڵییەوە. هەر جارێک کە ڕۆژگار بەربەستی بۆ دروست دەکرد، ئەو بە هێزێکی زیاترەوە هەڵدەستایەوە و دەرگایەکی نوێی ئومێدی بۆ گەلەکەی دەکردەوە، چونکە بڕوایەکی نەگۆڕی بە ڕەوایی دۆزی نەتەوەکەی هەبوو.
بارزانی تەنها ڕێبەرێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارێکی دووربین بوو کە جیهانی ناچار کرد دان بە بوونی کورددا بنێن. بەڵام لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، ئەو باوکێکی دڵسۆز بوو، ئازاری نیشتمانی بە ئازاری خۆی دەزانی و خەندەی سەر لێوی منداڵێکی کوردی بە گەورەترین دەستکەوتی ژیانی دادەنا.
ئەی ڕێبەری مەزن، لە یادی لەدایکبوونتدا بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە ڕێبازە پیرۆزەکەت لە ناو قووڵایی دڵماندا وەک مەشخەڵێکی دانەمرکاو دەمێنێتەوە. ئێمە لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام دەبین کە تۆ تەمەنت بۆ بەخشی، تا ئەو ڕۆژەی ئامانجە باڵاکانت بەدی دێن.