Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانی نەمر ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان

شێخ ستار عەواڵانی

یادکردنەوەی ١٤ی ئازار، وەستانێک لەبەردەم مێژووی ژیان و تێکۆشانی باوکی ڕووحی نەتەوەی بارزانی نەمر، خوێندنەوەی دووبارەی ئەو قوتابخانە سیاسی و فکرییە دەوڵەمەندەیە کە بناغەی مۆدێرنی سیاسیی کوردی داڕشت. باوکی ڕووحی نەتەوەی کورد، بارزانی نەمر (١٩٠٣-١٩٧٩)، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر، توانی بە حیكمەت و ئیرادەیەکی پۆڵایین، "شەرعییەتی شۆڕشگێڕی" و "کۆدەنگی نەتەوەیی" لە چوارچێوەی یەک پڕۆژەی نیشتمانیی گشتگیردا یەکبخات.

ئەو وەک نەخشە ڕێگای نیشتمانیی گەورە دەرکەوت کە توانی چەمکی "کوردایەتی" لە هەستێکی سۆزداریەوە  بگۆڕێت بۆ ڕێبازێکی سیاسیی بەردەوام و خاوەن بەرنامە. ئەم وەرچەرخانە گۆڕانکارییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە هەر شوێن و پێگەیەک بن، لەژێر چەتری یەک گوتاری یەکگرتوودا کۆببنەوە و متمانە بۆ مرۆڤی کورد بگەڕێنێتەوە.

لە ڕوانگەی سیاسیی وە، گەورەیی بارزانی لە توانای بێوێنەی ئەودا بوو بۆ هاوسەنگکردنی نێوان "خۆڕاگریی مەیدانی لە چیاکاندا" و "دیپلۆماسییەتی کارا لە ناوەندەکانی بڕیاردا". ئەو فەلسەفەی "مانەوە لەڕێگەی بەرگرییەوە"کردە بنەمایەکی نەگۆڕ بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە بەرامبەر هەموو ئەو هەڕەشە هەرێمییانەی کە ئامانجیان سڕینەوەی بوونی کورد بوو. بارزانی نەمر لە هەمان کاتدا، بە حیكمەتێکی سیاسیی وردەوە، ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتیی وەک ئامرازێکی سەرەکی و شارستانی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکان بەکارھێنا.

ڕێککەوتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، کە گەورەترین و گرنگترین دەستکەوتی سیاسیی ئەو سەردەمە و مێژووی هاوچەرخی کوردە، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە بارزانی توانی دەوڵەتی ئەو کاتەی عێراق ناچار بە دانپێدانانی فەرمیی و دەستووری بە مافەکانی گەلی کورد بکات. ئەم دەستکەوتە مێژووییە بووە بناغەی یاسایی و سیاسی بۆ هەموو ئەو قەوارە فیدراڵیی و دەستکەوتە نیشتمانییانەی کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی لەسەر بونیاد نراوە و پارێزگارییان لێ دەکرێت.

ئەگەر سەیری تەمەنی پڕ لە ململانێ و خەباتی بارزانی بکەین، دەبینین کە ئەو هەمیشە وەک سیمبوڵی یەکڕیزی و قوربانیدان ماوەتەوە، لە سەختترین ساتەکانی پاشەکشە و ئاوارەییشدا، ئاڵای هیوای بە بەرزی هێشتەوە و نەیهێشت ئیرادەی تاکی کورد بشکێت. گەورەیی ئەو لەوەدابوو کە توانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکاتە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی هەزاران تێکۆشەر کە هەمان باوەڕی نیشتمانییان لە دڵدا بێت. بارزانی فێری کردین کە پێشمەرگایەتی تەنها هەڵگرتنی چەک نییە، بەڵکو هەڵگرتنی باوەڕێکی پیرۆز و ڕەوشتێکی بەرزە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆست و دوژمندا. ئەم ڕەوشتە بەرزە بووە هۆی ئەوەی کە دۆست و نەیارەکانیشی بە ڕێزەوە باسی شکۆی بکەن و وەک ڕێبەرێکی دەگمەن لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی جیهاندا تەماشای بکەن.

لەم یادە ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییەدا، بارزانی نەمر وەک باوکی نەتەوەیی و ڕێبەری هەمیشەیی لە ویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە. گەورەیی کەسایەتی ئەو لەوەدابوو کە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی و نەتەوەیی هەمیشە خستە سەرووی هەموو ئیمتیازە کەسی، خێزانی و ناوچەییەکان. ئەو مۆدێلێکی لە سەرکردایەتی نیشانی جیهان دا کە تێیدا سادەیی ژیانی پێشمەرگانە و قووڵیی تێڕوانینی سیاسی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاوێتە ببوون. ئەو سەرکردەیەک بوو کە لەگەڵ پێشمەرگەکانیدا لە سەنگەردا دەنوست و لە هەمان کاتدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان بە زمانی هێز و ماف قسەی دەکرد. ئەم هاوسەنگییە لە کەسایەتیدا وای کرد کە بارزانی ببێتە مەرجەعێکی نەتەوەیی کە تێپەڕبوونی کات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پێویستیمان بە ڕێبازەکەی زیاتر دەبێت.

لەم یادە شکۆدارەدا پاراستنی شکۆی مرۆڤی کورد و قەوارەی سیاسیی کوردستان، درێژەپێدانی ڕاستەقینەی ئەو ڕێگا پڕ لە مەینەت و سەروەرییەیە کە بارزانی تەمەنی خۆی بۆ تەرخان کرد و لە پێناویدا هەموو خۆشییەکانی ژیانی کردە قوربانی. بۆیە ئەم یادە دەبێت ببێتە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنی دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتمان، و دووپاتکردنەوەی یەکڕیزیی نەتەوەیی لەژێر چەتری ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانیدا. ئەم ڕێبازە تەنها ڕێگەیەکە کە دەمانگەیەنێتە کەناری ئارامی و زامنی مانەوەمانە لەناو ئەو هەموو گۆڕانکارییە خێرایانەی جیهان و ناوچەکە. لەم ڕۆژەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دادەنەوێنین و بەڵێن دەدەین کە تا دوایین هەناسە پارێزەری ئەو ئاڵا و دەستکەوتانە بین کە ئەوان بە خوێن و خەبات بۆیان بەجێ هێشتووین.