ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان شەرمەزار دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتیی:
حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندترین شێوە، هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەکان شەرمەزار دەکات.
ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بەرپرسیاریەتی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت کە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیان، دەیان کەس بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کەوتووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان