Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیروان بارزانی: ئەم هێرشە لەم کاتە سەختەدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری وڵات

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە (گوێڕ-مەخموور)، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی سێ درۆنەوە هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی فەرەنسا لە میحوەرەکەمان.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە (گوێڕ - مەخموور) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سەربازێکی فەرەنسی گیانی لەدەستداوە و شەش سەربازی دیکەی ئەو وڵاتەش بریندار بوون.

بەرپرسی میحوەری شەش نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەم هێرشە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تاوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە هێزەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، پێکەوە لە سەنگەری دژ بە تیرۆریستانی داعشدا کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دەکەن.

سیروان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، نە هێزی پێشمەرگە و نە سوپای فەرەنسا، بەشێک نین لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، هەربۆیە ئەم هێرشەی بە کارێکی بێمانا و ناڕەوا لەم کاتە سەختەدا وەسف کرد کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری وڵات.

لە کۆتاییدا، سیروان بارزانی هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو سەربازە فەرەنسییە دەربڕی کە گیانی لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.