Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی، ٢٠٢٦/٣/١٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردووی سنووری مەخمووری بۆ سەر سەربازگەیەکی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھێزەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فەڕەنسی گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکوومەتی فەڕەنسا و خێزان و ھاوڕێیانی ئەو سەربازە فەڕەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە ھەرێمی کوردستان گیانی بەخشی. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە بیر و دڵمان لای ئەوانە و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و ھاوکاریی فەڕەنسا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و قوربانیدانی ھێزە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان دەربڕی. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگەگرتن لە ھێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاکوو چیتر بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە.

لای خۆیەوە سەرۆک ماکرۆن، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و ھاوخەمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە فەڕەنسا لە پشتگیری و ھاوکاریکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە بوو. تیایدا ھەردوولا جەختیان لە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە.