Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیمانوێل ماکرۆن کوژرانی فەرماندەیەکی سوپای فەرەنسای لە هەولێر ڕاگەیاند

فەرەنسا-KDP.info- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە سنووری پارێزگای هەولێر گیانی لەدەستداوە.  

رۆژی هەینی 13-03-2026، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە ئێکس رایگەیاند، کوژراوەکە ناوی ئارنۆ فریان بووە و پلەکەی ئەفسەری باڵا بووە لە فەوجی ٧ـی هێزە چیا نشینەکان. 

ماکرۆن گوتی، "ئارنۆ، لە پێناو فەرەنسا و لە کاتی هێرشێکدا لە هەولێر لە عێراق گیانی سپارد." هەروەها پشتڕاستی کردەوە، "چەندین سەربازی دیکەی فەرەنسی" لەو هێرشەدا بریندار بوون و وڵاتەکەی لەگەڵ خێزان و هاوسەنگەرەکانیان هاوسۆز دەبێت. 

ئیمانوێل ماکرۆن ڕەخنەی تووندی لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی فەرەنسا گرت و گوتی، "ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانمان کە لە ساڵی 2015ـەوە خەریکی شەڕی داعشن، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."  

سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە، بوونی ئەوان لە عێراق تەنیا بۆ چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆرە و گوتی، "جەنگی ئێستا لە ئێران ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ کردنی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر سوپای فەرەنسا."