ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/3/12 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا هاوڕا بوون کە هەستیاریی قۆناغەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دەخوازێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن، بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە و قەوارەی فیدراڵی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزن.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە وەک هەمیشە لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیکخستنەوەی لایەنەکان و پاراستنی یەکڕیزی بەردەوام دەبێت، تاکوو هەرێمی کوردستان بە ئارامى و سەقامگیری ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە. بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی بەڕێزیانی لەمبارەیەوە بە گرنگ نرخاند.