Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوردستان ئامادەکاری دەکات ببێتە گەورەترین هەناردەکاری ماسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەولێر-KDP.info- کەرتی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، لە قۆناغی دابینکردنی پێداویستی ناوخۆوە هەنگاو بەرەو بازاڕە جیهانییەکان دەنێت. ڕێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر،  لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەم، کوردستان دەبێتە ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەکردنی ماسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە.

پێشتر شاری هەولێر ساڵانە پێویستی بە ٥٨٠٠ تەن گۆشتی ماسی هەبوو، کە تەنیا ٢٠٪ـی دابین دەکرا، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. ڕێباز ئیسماعیل دەڵێت، ''ئێستا نەک هەر گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی، بەڵکو بەشێک لە بەرهەمەکانمان هەناردە دەکەین و نرخیشمان بۆ هاووڵاتییان دابەزاندووە.

ئامارەکان باس لە گەشەیەکی خێرا دەکەن کە ١٨٤ مۆڵەتی فەرمی بۆ پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی دراون و ٤٤٩ حەوز لەسەر ڕووبەری ٥٠٥ دۆنم زەوی دروستکراون کە جۆری (کارپ) لە ڕیزبەندی یەکەمی خواست و بەرهەمهێناندایە.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە هەولێر گوتیشی، ''حکوومەتی هەرێم چەندین ئاسانکاریی گرنگی پێشکەش بە خاوەن پڕۆژەکان کردووە وەکو دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە نرخی کشتوکاڵی (تەنیا ٦٠ دینار بۆ هەر کیلۆواتێک) و لابردنی باج کە هیچ باجێک ناخرێتە سەر هاوردەکردنی (سۆیا) و کەرەستەکانی عەلەف، سەرەڕای ئەوەش هاندانی جووتیاران بۆ بەکارهێنانی سیستەمی (قەفەس) (داخراو) کە لە کەمترین ڕووبەردا زۆرترین بەرهەم دەدات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، ''بەنداوە نوێیەکانی کوردستانیش تەنیا بۆ گلدانەوەی ئاو نین، بەڵکو بوونەتە ژێرخانێکی بەهێز بۆ سامانی ماسی. بەردانەوەی ملیۆنان پەنجەماسی لەم بەنداوانەدا، مژدەی ئەوە دەدات کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کوردستان دەبێتە یەکەمین هەناردەکاری ماسی لە ناوچەکەدا، ئەمەش هەزاران هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە.

 

دانا بۆتانی