ئاکرێ -KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە مانگی ڕەمەزان تا دەگاتە جەژن، ھاوکارییەکان پێشکەشی ئەم خەڵکە دەکەین کە پێویستیان پێیە.
د.مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵَپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمساڵیش بۆ سێیەم ساڵە لەسەر یەک بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەکو لقی نۆی پارتی بەرنامەیەکی فراوانمان بۆ گەیاندنی ھاوکاری بۆ خەڵکی پێویست ڕاگەیاندووە، ئەمساڵ نەمانویست بەرنامەکەمان لە سەرەتای مانگی ڕەمەزان ڕابگەیەنین وەکو دوو ساڵی ڕابردوو، بۆیە ویستمان بەرنامە دەستپێبکەین ئەوکات باس بکەین، تا ئێستا بەرنامەی خۆمان ٩٠% جێبەجێ کردووە و لەو ڕۆژانەی ماون ئەوەی ماوە جێبەجێی دەکەین، تا ئێستا ھاوکاری ماددی لەڕێگەی هەر نۆ لیژنە ناوچەکانەوە بەسەر ٦٠٠ خێزانی ھەژار و کەمدەرامەتدا دابەش کردووە، حەوت ھەزار سەبەتەی خۆراک دابەشکراوە و لە ڕۆژانی داھاتووش ھەزار سەبەتە دابەشدکرێت، ئەمڕۆش ھاوکاری بەسەر ١٤٩ خێزانی سەربەرزی شەھیدانی شەڕی داعش دابەش کرا، لە ڕۆژانی داھاتوو بەرنامە ھەیە ٢ھەزار و ٥٠٠ منداڵ جلی جەژنیان بۆ دابین بکرێت و ئامادەکاری تەواو کراوە، بەرنامە ھەیە بۆ شەوی ٢٧ ڕەمەزانیش بۆ شەوی قەدر پێداویستی بۆ ٥٠ مزگەوت بۆ ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دابین بکرێت."
د.مەردان خدر گوتی "یەکێکی دیکە لەبەرنامەکانمان کەرتی تەندروستییە، بە دەیان دکتۆر و تاقیگە و دەرمانخانە لەگەڵمان بەشدارن، ئەوانیش لە قەزای بەردەڕەش ١٢ دکتۆر و سێ دەرمانخانە و دوو تاقیگە داشکانیان کردووە، لە ئاکرێ ١٠ دکتۆر و پێنج تاقیگە و سێ دەرمانخانە و دەیان عیادەی گەڕەکەکان داشکانیان کردووە، بۆیە سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکەین لەگەڵ ئێمە بەشداربوون، بەتایبەت ھەردوو قایمقامی قەزای بەردەڕەش و ئاکرێ و تەندروستی ھەردوو قەزاکە."
بڵند ئیبراھیم