Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"١١ی ئازار، بەڵگەنامەی فەرمی بۆ چەسپاندنی شوناس و خاکی کوردستان"

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٥٦ ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق واژۆ کرا، تەنها واژۆیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دانپێدانانێکی فەرمی و نێودەوڵەتی بوو بە شوناس و خاکی کوردستاندا.

لەوبارەیەوە د. شوان خۆشناو، پسپۆڕ لە مێژووی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە ئەم دەستکەوتە لە بۆشایییەوە نەهاتووە. ئەو دەڵێت، ''ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار وەرچەرخانێکی مێژوویی و بەرهەمی ساڵانێکی زۆر لە خەبات و قوربانییدانی شۆڕشی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی.

ئەو پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە کە هۆکاری ناچارکردنی حکوومەتی عێراق بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ، بریتی بوو لە سەرکەوتنە سەربازییەکانی شۆڕش لە شەڕ و داستانەکاندا و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان کە پشتوپەنای شۆڕش بوون.

یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە، چەسپاندنی مافی ئۆتۆنۆمی و بە فەرمی ناسینی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی کورد بوو. د. شوان دەڵێت، ''ئەم ڕێککەوتننامەیە وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ هەموو دەستکەوتەکانی دوای خۆی مایەوە، لە ڕاپەڕینەوە تا دامەزراندنی قەوارەی هەرێم و پڕۆسەی ڕیفراندۆم، هەموویان بەرهەمی ئەو بناغە جێگیرەن کە لە ١١ی ئازاردا داڕژا.

لای خۆشییەوە، د. محەمەد کاکەسۆر، مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بە خاڵێکی وەرچەرخان دەکات کە پێشتر لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا بوونی نەبووە. ئەو ڕایدەگەیەنێت، ''لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە تەنها باس لە مافی سادەی وەک خوێندن بە زمانی کوردی دەکرا، بەڵام ١١ی ئازار جوگرافیای کوردستانی دیاری کرد. ئەمە یەکەمجار بوو دەوڵەتێکی داگیرکەر بە فەرمی دان بە سنووری خاکی کوردستاندا بنێت لە ناو سنوورەکانی خۆیدا.

ئەم ڕێککەوتننامەیە تەنها پرسێکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو گەرەنتییەکی نێودەوڵەتیشی لە پشت بوو. بەپێی وتەی د. محەمەد کاکەسۆر:

نێوەندگیریی سۆڤیەت: حکوومەتی سۆڤیەتی پێشوو وەک لایەنێکی نێودەوڵەتی لە نێوان شۆڕش و بەغدا بوو.

دروشمی ستراتیژی: ڕێککەوتنەکە بەرجەستەکردنی دروشمی "ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق" بوو.

هەرچەندە دواتر ڕژێمی بەعس لە بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە و ویستی ئۆتۆنۆمییەکی کارتۆنی بسەپێنێت، بەڵام سەرکردایەتیی کورد و بارزانی نەمر هەمیشە داوای "ئۆتۆنۆمیی ڕاستەقینە"یان دەکرد. گرنگیی مێژوویی ئەم یادە لەوەدایە کە هەموو دەستکەوتە فیدراڵییەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، ڕەگەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیرادە بەهێزەی کە لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا بەغدای ناچار بە واژۆ کرد.

 

قائید میرۆ