Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی 56 ساڵەی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئادار

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی 56 ساڵەی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئادار پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چینوتوێژەکانی كوردستان بوو.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چینوتوێژەکانی كوردستان بوو. بەرهەمی ئەو خەباتە پتەو و سەرتاسەرییە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی مافەكانی گەلی كوردستان و بەدیهێنانی دیموكراسی لە عێراقدا دەستی پێكرد و دواجار حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.

لە پەنجا و شەشەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا پێزانینمان بۆ تێكۆشان و ماندووبوونی سەرجەم ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەرانەی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە بە ماندووبوون و قوربانیدانی خۆیان دەستكەوتی مێژوویی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداریان بۆ گەلەكەمان مسۆگەر كرد. لەو یادەدا جەخت لە پاراستنی دەستكەوتەكان و پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین.

 

مسعود بارزانی

11ی ئاداری 2026