Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی ئیمارات دۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

هەولێر-KDP.info- لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات سەرکۆنەی ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کونسوڵخانەی گشتی ئیماراتیان لە ھەولێر کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی ئادار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شێخ محەممەد بن زاید ئال نەھیان سەرۆکی ئیمارات باسیان لە پێشھاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ئیمارات کرد و گرنگی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و ھاوئاھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیماراتیان دووپات کردەوە.

ھەردوولا سەرکۆنەی ھێرشی شەوی ڕابردووی سەر کونسوڵخانەی گشتی ئیماراتیان لە ھەولێر کرد و جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە ھێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان.

سەرۆکی ئیمارات پێزانینی خۆی بۆ ھاوئاھەنگیی باشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ھەردوولا جەختیان لە گرنگی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی ھێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.