Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی دەکات

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەممە 2026/3/10 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا بەڕێزان وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هه‌روه‌ها چه‌ندین بڕیار و ڕێنمایى بۆ پته‌وكردنى پاراستنى ئاسایش و ئارامیى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێشهاته‌كاندا ده‌رچوون.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کرده‌وه‌ کە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیكه‌ی دراوسێ.

لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانى گیانى و ماڵییان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌. له‌مباره‌یەوه‌ جه‌خت كرایه‌وه‌ كه‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.

لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخه‌مى لەگەڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ى شەهید و بریندارانى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دووپات كرایه‌وه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.