شەقڵاوە-KDP.info- بە بۆنەی (٣٥)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری گەلی کوردستان و ڕزگاربوونی قەزای شەقڵاوە و دەوروبەری، لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی جەماوەری سنوورەکە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکات.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە ڕاپەڕین گرنگترین ڕووداوی مێژووی نوێی گەلی کوردستانە و وەرچەرخانێکی دیرۆکی بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا: "ڕاپەڕین لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی بەرەی کوردستانییەوە نەخشەی بۆ داڕێژرا و بە ئیرادەی جەماوەر و هێزی پێشمەرگە لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواوی کوردستان، بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە، ئازاد کرا."
لقی ٢٤ی سەفین ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕۆژی ٩ی ئاداری ١٩٩١دا، جەماوەری شەقڵاوە و هەریر بە هاوکاری پێشمەرگە شارەکەیان ئازاد کرد و دواتریش لە ١٠ی ئادار پیرمام ڕزگار کرا. پەیامەکە جەخت دەکاتەوە کە: "هەڤاڵانی پارتیمان و ڕێکخستنە نهێنییەکان پێشەنگ و حەماسەتبەخشی جەماوەر بوون، بۆیە مافی شانازیکردن بەم سەرکەوتنە لە هەموو کەس زیاتر بۆ پارتی و جەماوەرەکەی دەگەڕێتەوە."
پەیامەکە وەبیرهێنانەوەیەکی گرنگی تێدایە سەبارەت بە دەسپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی و دەڵێت: "تەنیا یەک ڕۆژ دوای ئازادکردنی کەرکووک، لە ٢١ی ئاداری ١٩٩١ لە شاری کۆیە، سەرۆک بارزانی بانگەوازی گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی دا، کە دەرەنجامەکەی ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٩٢."
لە کۆتایی پەیامەکەدا، لقی ٢٤ی سەفین دووپاتی دەکاتەوە کە وەک هەمیشە خزمەتکاری جەماوەری خۆڕاگری شەقڵاوە، پیرمام و هەریر دەبن و شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەو دەڤەرە. سڵاوی وەفاداریش بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو دەنێرن.