Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا: سەرۆک بارزانی گرنگییەکی تایبەت بە پێگەی ئافرەتان دەدات

ئەڵمانیا-KDP.info- لە مەراسیمێکی شایستەدا لە شاری دوسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان یادی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانی بەرز ڕاگرت. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی سەرهەد غەفووری، بەرپرسی لق و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا بەڕێوەچوو.

لە گوتارێکدا، سەرهەد غەفووری تیشکی خستە سەر خەبات و قوربانیدانی ئافرەتانی کوردستان و ڕایگەیاند، "ئافرەتانی کورد هەمیشە دەوری باڵایان هەبووە، چ لە سەردەمی خەباتی شاخ و چ لە ئێستای کایە سیاسییەکاندا، ئەوان شانبەشانی پیاوان لە ڕۆژە سەختەکاندا تێکۆشاون بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان."

بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا ئاماژەی بە چەندین نموونەی باڵای ژنانی تێکۆشەر کرد و گوتی، "ئێمە شانازی بە مێژووی خانزادی میری سۆران، لەیلا قاسم و دایکە عائیشە دەکەین. ئەو دایکە جەرگسووتاوەی کە سێ ڕۆڵەی کردە فیدای کوردستان و بەو پەڕی بوێرییەوە ئامادەیی بۆ قوربانیدانی زیاتر دەربڕی، ئەمە تەنیا لە ژنی کورد دەوەشێتەوە."

سەرهەد غەفووری جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردایەتی پارتی و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی، گرنگییەکی تایبەت بە پێگەی ئافرەت دەدەن و ڕێنمایی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی پشتیوانێکی بەهێزی ئافرەتان بن لە هەموو بوارەکاندا.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بەرپرسی لقی ٦ ئامادەیی لقەکەی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکاری و خزمەتێک بە ئافرەتانی کورد لە وڵاتانی ئەورووپا، بە مەبەستی هەنگاونانی باشتر بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستان.

 

ئەڵمانیا/ ئاری حاجی