Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد شەهاب: بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بەرامبەر هێرشەکانی سەر هەرێم جێگەی سەرسوڕمانە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رەخنەی توند لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و بەتایبەتی پەرلەمانی عێراق دەگرێت و رایدەگەیەنێت، بێدەنگییان بەرانبەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان جێگەی سەرسووڕمانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ''دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق ئێستا لەبەردەم پرسیارێکی گەورەدان، تەنانەت ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە ڕاستی جێگەی نیگەرانی و سەرسووڕمانێکی زۆرە.

سەبارەت بە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق، دڵشاد شەهاب گوتی، ''دوێنێ دانیشتنێکی پەرلەمان بەڕێوەچوو بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیی عێراق، کەچی بە یەک وشەش باسی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان نەکراوە، ئەمە ئاماژەیەکی هەڵەیە و پێویست دەکات دامەزراوە فەرمییەکان بە جددی هەڵوێستی کردەییان هەبێت و ڕێگە لەو دەستدرێژییە ترسنۆکانە بگرن.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم جەختیشی کردەوە، وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەن، هاوکات چاوەڕوانییان لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی بڕیاری عێراق دەزانن، هەڵوێستیان ڕوون بێت بەرامبەر ئەو تەعدایەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.