Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماكڕۆن ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە زمانی كوردی بڵاو دەكاتەوە

فرەنسا-KDP.info- ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فرەنسا ئەمشەو شەممە هەواڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە زمانی كوردی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاو كردەوە.

ماكڕۆن لە پۆستەكەدا نووسیویەتی، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دا و پابەندی فەرەنسام بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عیراق، لە چوارچێوەکەشیدا هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە".

سەرۆكی فرەنسا هەروەها نووسیویەتی، "هاوسۆزی خۆم بەرامبەر هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ بەڕێزیان دەربڕی، هاوڕابووین لە بەردەوامیدان بە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێی ناوچەکە. بۆ ئەم مەبەستەش سوپاسی بەڕێزیانم کرد بۆ پابەندییان بەو ئاراستەیە".

ئیمانوێل ماكڕۆن لە كۆتایی پۆستەكەدا نووسیبووی "فەرەنسا لە پشتیوانیکردن لە ڕێزگرتنی تەواوی سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق، بە کوردستانیشەوە، بەردەوام دەبێت".