ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٦/٣/٧ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت.
تیایدا بە وردی تیشکیان خستەسەر دۆخی ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی لە ئەنجامی شەڕدا ھاتوونەتە ئاراوە. ھەردوولا ھاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئێستا و داھاتووی سەقامگیری دروست دەکات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.
لە لایەکی ترەوە سەرۆک ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە ھاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا. ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ھەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە کار بۆ ئارامی لە ناوچەکەدا دەکات و پشتگیری لە ھەموو ھەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.