ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی زۆرینەی ئەو ھاووڵاتییانەی چارەسەرکردووە بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان گیریان خواردبوو.
سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لە یەکەم ڕۆژی درووستبوونی ئەم بارودۆخە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لیژنەیەکی ھەماھەنگی پێکھێنا بۆ کارئاسانی بۆ ھێنانەوەی ئەو ھاوڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، چونکە ھەبوو لە فڕۆکەخانەبوو و ھەشبوو لە وڵاتەکان بوون، بۆیە یەکەم جار دوو ھێڵی گەرممان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی شوێنەکان بزانین و چۆن چارەسەر بکەین، فۆڕمێکیشمان ڕاگەیاند بۆ پڕکردنەوەی تا ڕێکاری پێویست بگرینە بەر، دوای ئەوە لە کونسولخانەی تورکیا ڕەزامەندی ئەوە وەرگیرا ھاووڵاتییان ڤیزەی ترانزێتی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ وەربگرن، مەرجیان ئەوە بوو پێویستە ھێڵەکە تورکی بێت کە پێی دەگەڕێنەوە تورکیا، دواتر بێنە شەرناخ و لەوێش بێنەوە ھەرێمی کوردستان، خەڵکێکیش ھەبوو لە ھەرێم دەبوا بچنە دەرەوە، ئەوانیش دەچنە ئیبراھیم خەلیل و ڤیزەی پێنج ڕۆژی تورکیایان پێدەدرێت و دەچنە شەرناخ و لەوێوە دەگەڕێنەوە."
سروە ڕەسول گوتیشی "زۆر وڵاتی دیکە ھەبوون وەکو ئیمارات، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لە وڵاتی سعودیا ڤیزەی پێنج ڕۆژیان پێدەدرێ بێ ئەوەی بچنە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانە، زیاتر لە ھەزار داواکاری پێشکەش کرا بۆ گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، زۆرینەی ناوچەکان چارەسەربوون، بەشێکیش ماوە ئێستا بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەوانیش چارەسەر بکرێن و بەڕێگای جیاواز بگەڕێنەوە، تا ئێستا بەشێکیان گەڕاوەنەتەوە، بەشێک لەڕێگان و دوو ڕۆژیان پێویستە، بەشێکیشی چاوەڕێ دەکەن بیانگەڕێنینەوە، ئێستا خەریکی وەرگرتنی ڤیزەی ئوردنین بۆ ئەوەی لەوێش ھاووڵاتییان بگەڕێنەوە، ئەوەی گیری خواردووە کێشەی چارەسەر دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئەوانەی لە ھەرێمیشن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان."
بڵند ئیبراھیم