سلێمانی-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری شاری سلێمانی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پیرۆزیی ئەم ڕۆژە مێژووییە دەکاتەوە.
دەقی بەیاننامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین:
لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و وەفاداری دادەنوێنین بۆ شەهیدانی ٧ـی ئادار و هەموو ئەو قارەمانانەی کە ژیانیان پێشکەش کردووە لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی کوردستان.
ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت، ئەو ڕاپەڕینەی کە بوو بە دەستپێکی هەستانەوەی گەلی کوردستان، لەو کاتەدا خەڵکی کوردستان بەیەک دەنگ و بە هێزی یەکگرتوویی، لە تەواوی شار و شارۆچکەکاندا هەستانەوە و زنجیرەیەکی گەورەی ڕاپەڕینیان درووست کرد.
بەبێ چەک، بە ئیرادەیەکی پتەو و دڵێکی پڕ لە هیوا و باوەڕ بە سەرکەوتن، گەنج و پیر، ژن و منداڵ، هەمووان لە کوچە و کۆڵانەکاندا هەستانەوە و بە جیهانیان ڕاگەیاند کە کورد زیندووە و هەرگیز سەر نادات.
٧ـی ئادار هەمیشە وەک هێمای ئازایەتی، یەکگرتوویی و خەبات لە یاد و مێژووی خەڵکی سلێمانی و گەلی کوردستاندا دەمێنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین