Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/٣/٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئاداری ١٩٩١ دەکەینەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەم. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەهیدانی کوردستان دەنێرم.

ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی گەلی کوردستان بوو له‌ ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری و هەنگاونان بەرەو ئازادی و سەرفرازی. ئەم یادە پیرۆزە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردا تێده‌پەڕێت. پەرەسەندنی گرژییەکان و لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێکان، بەرپرسیاریه‌تییەکی گەورە دەخەنە سەر شانی هەموومان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکیی ئارامی و ئاشتی دەبێت و نابێته‌ بەشێک لە هیچ ململانێ و پەرەسەندنێکی سەربازی کە زیان بە ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان بگەیەنێت. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە دەستوورییەکانمان، تەنیا بە یەکڕیزی، تەبایی و بەرپرسیاریه‌تیی هاوبەشی نیشتمانیى هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت.

با ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی. وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە کە پێکەوە و دەست لەناو دەست؛ کار بکەین بۆ پاراستنی سەقامگیری و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

 

سڵاو لە یادى ڕاپەڕین.

ئارامی و سەقامگیری بۆ کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٣/٥