ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٦/٣/٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز سەید عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، وێڕای باسکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی تاوتوێ کران. لەمبارەیەوە ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
ھەروەھا ھەردوولا داکۆکییان لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە ھەر ھەوڵێک بکرێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت، ھەروەھا پشتگیری لە ھەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە گەلانی ناوچەکە.