ھەولێر-KDP.info- دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ئەو پەرەسەندنە ئەمنییەی دوای ڕووداوەکانی 28ی شوباتی 2026 لە هەرێم و بەتایبەت لە هەولێر ڕووی داوە، پەرەسەندنێکی بێ پاساوە و ئامانجی تێکدانی سەقامگیرییە.
زێباری لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ڕێکەوتی 4ی ئازاری 2026 ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانەی لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکرێنە سەر دامەزراوەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکان، هەوڵێکی ئاشکران بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە ئەم کردەوانە تەنها پێشێلکارییەکی ئەمنی نین، بەڵکوو پێشێلکردنی زەقی ڕێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆییین. گوتیشی، "ئەم هێرشانە مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و بوونەتە ڕێگر لەبەردەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن و تەندروستی."
لە ڕووی یاسایییەوە، دکتۆر دیندار زێباری ڕایگەیاند بە ئەنقەست بەکارهێنانی چەکی بێسەروبەر وەک "درۆنی خۆکوژ" و مووشەک کە دەبێتە هۆی برینداربوونی مەدەنییەکان، بەپێی "پەیڕەوی ڕۆما"ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی وەک "تاوانی جەنگ" پۆلێن دەکرێت، هەروەها پێشێلکردنی ڕێککەوتنامەکانی جنێڤی ساڵی 1949 و پرۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانی ساڵی 1977ـە.
زێباری هۆشداریشی دا کە ئەم هێرشانە "مافی گەشەپێدان" لە هەرێم پەک دەخەن و ژینگەی وەبەرهێنان تێکدەدەن. داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد کە هەڵوێستێکی توند و بەرپرسانە وەربگرن و سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە ئارامیی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئارامیی عێراق و ناوچەکە، پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی هەرێمیشی بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ پابەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەها مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.