Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بروسکەی پیرۆزبایی نەقیبی ڕۆژنامەنووسان بەبۆنەی ١٥یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی (KDP.info)

هەولێر-KDP.info- حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبایی (١٥) ساڵەی دامەزراندنی (KDP.info) دەکات و دەڵێ، (KDP.info) نەک تەنیا وەک زمانحاڵێکی حزبی، بەڵکو وەک سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ناسراوە و ئەکتیڤترین و پرۆفیشناڵترین ماڵپەڕی حزبییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان:

بەڕێزان: بەڕێوەبەر و ستاف و هاوکارانمان لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەبۆنەی ١٥یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی (KDP.info)، گەرمترین پیرۆزبایی پیشەیی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و تەواوی کادیرانی میدیایی ماڵپەڕەکە دەکەم.

جێگەی شانازییە کە (KDP.info) لە ماوەی ١٥ ساڵی تەمەنیدا، نەک تەنیا وەک زمانحاڵێکی حزبی، بەڵکو وەک سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ناسراوە. دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم کە ئەم ماڵپەڕە یەکێکە لە ئەکتیڤترین و پرۆفیشناڵترین ماڵپەڕە حزبییەکان کە توانیویەتی بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە زانیارییە سیاسییەکان، حکوومی و پەرلەمانییەکان بۆ خوێنەر بگوازێتەوە.

دەستخۆشی لە هەوڵەکانتان دەکەم بۆ نوێبوونەوە و کەڵک وەرگرتن لە سۆشیال میدیا و پەرەپێدانی شێوازی داڕشتنی هەواڵ، کە ساڵ بە ساڵ بەرەو پێشچوونی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم لە کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.

 

دووبارە یادی دامەزراندنی (KDP.info) پیرۆز بێت و هەر شەکاوە بن.

 

حاکم ئازاد حەمەدەمین

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان

٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦