هەولێر-KDP.info- عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی، لەبارەی نوێترین پێشهاتە ئەمنییەکان و سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ڕایگەیاند: "بەپێی زانیارییە وردەکان، چەکدارانی داعش دەستیان بە جووڵە کردووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئاڵۆزیی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی عێراق و پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا وەردەگرن."
عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە دوای ڕووداوەکانی مانگی ڕابردووی سووریا، بەپێی زانیارییە وردەکان، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی نەینەوا و ئەنبار دەستیان بە جووڵە کردووەتەوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جووڵانە نیشانەی زیندووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیە لەناو خاکی عێراقدا.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم پێشهاتانە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، عەزیز وەیسی گوتی، "هەرچەندە لە ئێستادا داعش وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هەرێمی کوردستان نابینرێت، بەڵام تیرۆریستان بەردەوام لە گەڕانن بەدوای دەرفەتدا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە، گوتیشی، "ئاسایشی هەرێم و عێراق یەک پاکێجی دانەبڕاون و پێکەوە گرێدراون، هەر تێکچوونێکی دۆخەکە لە ناوچەکانی دیکە، کاریگەری لەسەر ئارامیی گشتیمان دەبێت."
بەپێی گوتەکانی فەرماندەی زێرەڤانی، داعش سوود لە دوو فاکتەری سەرەکی وەردەگرێت، ئاڵۆزیی پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی عێراق و پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا کە ورە و دەرفەتی بۆ ڕێکخستنەوە بە چەکدارەکانی بەخشیوە.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، عەزیز وەیسی باسی لە مەترسیی دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کرد و گوتی، "ئەو چەکدارانەی لە زیندانەکان بەڕەڵا کراون، مەترسییەکی جدیین. وەک جەنابی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێداوە، پێویستە ئەم چەکدارانە لەژێر چاودێری و لەناو زیندانەکاندا بن، چونکە ئازادبوونیان هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە. ئێمە وەک هێزە ئەمنییەکان پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە وریای ڕەوشەکە بین."
قائید میرۆ