Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی واژۆی لەسەر دەسەڵاتەکانی فەرماندەیی دەڤەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی واژۆی لەسەر دەسەڵاتی (کارگێڕی، دارایی، یاسایی، پەیوەندییەکان)ی فەرماندەی فەرماندەیی دەڤەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

دەقی ڕاگەیاندراوی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە کارنامەی کابینەی نۆ بووە بەڕێز سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی واژۆی لەسەر دەسەڵاتی (کارگێڕی، دارایی، یاسایی، پەیوەندییەکان)ی فەرماندەی فەرماندەیی دەڤەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لە چوارچێوەی ڕێکخستن و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەسەڵاتەکانی فەرماندەیی دەڤەرەکانی واژۆکرد، کە ئەمە خواستێکی ھاوپەیمانان و  پێکھاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو ڕێکەوتنی ستراتیژی بوو بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لەم پڕۆسەیەدا ھەوڵی زۆرییان داوەو کارییان بۆیکردووە.

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی پاڵپشتی بەردەوامی ئەوەیکردووە ھەرێمی کوردستان خاوەنی یەک ھێزی پێشمەرگەی یەکگرتووبێت، لەم پێناوەشدا ھەوڵ و پاڵپشتی بەردەوامی ھەبووە، ئەم بڕیارەی ئەمڕۆش واژۆکرا لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵانەدایە.

پێشەوا ھەورامانی

وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٦-٢-٢٠٢٦